سەلاح بەدرەدین
لە گەرمەی هەڵكشانی ململانێیەكانی نێوان بەرژەوەندییەكانی هێزە زلهێزەكان لەسەر سامان و سەرچاوەكانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، زیادبوونی خێرایی ڕووبەڕووبوونەوەكانی نێوان لایەنە هەرێمییە حوكمڕانەكان سەبارەت بە دابەشكردنی هەژموون و داگیرسانی پڵیتەی شەڕەكان بەوەكالەت، هەروەها گەشەسەندنی ئەو شەڕانە لەم ساڵانەی دواییدا و، هەڵگیرسانی شەڕ و پێكدادانی توندوتیژیی نێوان هێزەكانی گەلانی زیندوو لە لایەك و، ڕژێمە دیكتاتۆرە ستەمكارەكان لە لایەكی دیكەوە، لە پێناو ئازادی و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤدا، هاوكات گەشەسەندنی دیاردەی میلیشیا چەكدارەكان لەژێر دروشمگەلی ئایدیۆلۆژی كە بوونەتە سووتەمەنیی شەڕەكان بەوەكالەت و، هاتنە كایەوەی دەسەڵاتەكانی دیفاكتۆ كە فەرمان لە حزبە ناشەرعییەكان، یان گرووپگەلێكی ملكەچنەكردوو بۆ یاسا و لە كۆنتڕۆڵ دەرچوو وەردەگرن، لە بەرانبەر دەركەوتنی ئاراستەی سەرونەتەوەیی و نیشتمانییەكان كە توندڕەون لەپێناو ئایین و مەزهەب و تائیفە و عەشیرەت و دەرەنجامە كارەساتبارەكانیان، بەهۆی كوشتار و خوێنڕشتنی بێتاوانانەوە، ئەستەمە بتوانیت بستە زەوییەك لە ڕۆژهەڵاتە كارەساتبارەكەماندا بدۆزیتەوە، كە خاڵی بێت لەم قەیران و مەترسی و كارەساتانە، تەنیا یەك حاڵەتی جیاواز نەبێت، ئەویش هەرێمی كوردستان عێراقی فیدڕاڵە.
لەم چەند مانگەی دواییدا، یەك لەدوای یەك گەواهیگەلێكی زۆر هاتوونەتە ئاراوە لە بارەی ڕۆڵی پێشەنگی هەرێم لە ناوچەكەدا، وەك خاڵێكی درەوشاوە لەناو تاریكییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش لەلایەن كەسانی دوورەوە پێش نزیكەوە، چونكە بابەت و توێژینەوەی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان لە ئەمریكا و ئەوروپا، هەروەها نووسینی چەندین شرۆڤەكارانی عەرەب و جگە لەوانیش، دەریانخستووە چۆن پەیوەندییەكانی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیاوازە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكان لە كوردستانی عێراق پتەون، كە خاوەنی سرووشتێكی فرەیی مێژووییە. هەروەها ناوەڕۆكی ئاشتییانەی كێبڕكێی نێوان حزب و ڕەوتە سیاسییەكان و نەریتە دیموكراسییە پەیڕەوكراوەكان لە گواستنەوەی دەسەڵاتدا و، پەیوەندییە باشەكانی نێوان هەولێری پایتەختی هەرێم و بەغدای پایتەختی فیدڕاڵ، هەروەها ڕۆڵی هەرێم لە پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا، نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە هەموو عێراقیشدا.
ئەو گەواهییە ئەرێنییانە لەبارەی واقیعی ڕاستەقینەی هەرێم، مایەی شانازی و سەربەرزییە بۆ هەموو ئەو كوردانەی كە گرەویان لەسەر ئەو ئەزموونە مێژووییە كرد و، هەر لە یەكەم ڕۆژەوە لەگەڵ بونیادنەرانیدا وەستان، بێگومانیش، دەبێتە مایەی نیگەرانی و بێزاری و دڵەڕاوكێ بۆ ئەوانەی دژی ئەزموونەكە وەستانەوە و، هەوڵیان دا بۆ زیندەبەچاڵكردنی دەستكەوتەكانی و دژایەتیی سەركردەكانی هەرێمیان كرد، بە هەموو ڕێگا و شێوازێك، بە شێوەی چەكداری و پیلانگێڕیشەوە.
من خۆم یەكێكم لەو كەسانەی كە هەست بە خۆشییەكی بێسنوور دەكەم كاتێك بە چاوی خۆم سەركەوتنی ئەم ڕێڕەوە درێژە دەبینم كە سەركردەی كۆچكردوو مستەفا بارزانی دەستی پێكرد و، لەپێش ئەویشدا شێخ عەبدولسەلام، دواجار جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بە شایستەیی درێژەی پێدا، چونكە ئەمە بەرهەمی ڕووبارێك خوێن و فرمێسك و دەیان هەزار شەهید و نموونەكانی قارەمانێتی و خۆڕاگریی پێشمەرگە ئازاكانە.
بەڵام بۆچی هەست بە خۆشی دەكەم؟ یەكەم، چونكە من و هاوتەمەنەكانم لە ڕێگەی ناوی بارزانییەوە ناسنامەی خۆمان ناسی، دووەم: وەك نوێنەری پارتی چەپی دیموكراتی كوردی سەرۆكایەتیی یەكەم شاندم كرد، بۆ لای بارزانی سەركردەی شۆڕشی ئەیلوول و ئیدریسی كوڕی لە ناوچە ئازادكراوەكاندا لە ساڵی ١٩٦٧دا، ڕێككەوتنێكمان بەست بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕش و پتەوكردنی كاری هاوبەش و هەماهەنگی و لەگەڵ شۆڕشدا ماینەوە و، ئەوەی لە تواناماندا بوو پێشكەشمان دەكرد، تا ڕوودانی كارەساتەكە لە ساڵی ١٩٧٥، دوای كۆچی دوایی سەركردەش، پەیوەندییەكانمان دەستپێكردەوە، لە میانەی دیدارمدا لەگەڵ خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی لە تەرابلوس – لیبیا، لە ساڵی ١٩٨٣، لەسەر هەماهەنگی بەردەوام بووین، بە جۆرێك كە تا ئێستا نزیكەی ٢٥ ساڵم لە كوردستانی عێراق بەسەر بردووە، هەموو تواناكانی خۆم پێشكەش دەكەم بۆ سەرخستنی ئەزموونەكە و، هەست دەكەم هاوبەشێكم لە بونیادنان و پەرەپێدانیدا. هەر بۆیە بە هەموو هەستەكانمەوە گرەوم لەسەر سەركەوتنی كردووە و، بە سەركەوتنێكی كەسیی خۆمی دەزانم، چونكە بە قەڵەمەكەم ڕووبەڕووی هەموو ئەوانە بوومەتەوە كە ویستوویانە زیانی پێبگەیەنن. هەموو ئەمانە هەرگیز بەو مانایە نییە كە ئەزموونەكە ڕێڕەوێكی گرتووەتەبەر كە خاڵی بێت لە شكست و هەڵە.
كاتێك ئەم ئەزموونە مێژووییە بێهاوتایە دەخەینە ڕوو كە لە كوردستانی عێراقدا بەدەست هاتووە، ئەوا بە نموونەیەكی گونجاوی دادەنێین كە بزووتنەوەی كوردی لە پارچەكانی دیكەدا دەتوانێت سوود لە وانەكانی وەربگرێت، لەگەڵ ڕەچاوكردنی جیاوازیی بارودۆخ و هەلومەرجەكان، هەروەها ئەوەش كە هەر پارچەیەك تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە ڕووی مرۆیی، جوگرافی، كاتی و كۆمەڵایەتییەوە، كە ئەمانەش ڕەنگدانەوەیان لە هاوسەنگیی هێز و شێوازەكانی خەبات و ئاستی مافەكان لە چوارچێوەی پرەنسیپی مافی چارەی خۆنووسیندا هەیە، كە ئەم شێوازە زۆرانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت: (سەربەخۆیی، فیدڕاڵیزم، ئۆتۆنۆمی، لامەركەزی یان ئیدارەی خۆجێی…).
ئاشكرایە كە بزووتنەوەی نەتەوەیی كوردستان بە شێوە گشتییەكەی، وێڕای جیاوازیی تایبەتمەندییەكانی، لە پەیوەندییە نێوخۆییەكانیدا بە دەست قەیرانێكەوە دەناڵێنێت، بەجۆرێك كە چوارچێوەیەكی ڕوونمان بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نییە، بەڵكو بەداخەوە، هێشتا دوژمنایەتی لە نێوان هەندێك لە لایەنەكانیدا درێژەی هەیە، بۆیە پێویستییەكی زۆر بەپەلە بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە هەیە، هەروەها دانانی بناغەیەكی دیموكراسی و برایانە بۆ پەیوەندییەكان لە ڕێگەی دانانی پرەنسیپ و بنەماكانی ڕێككەوتن، بێگومان هەرێم بەگشتی شایستەی ئەوەیە و توانای ئەوەی هەیە، ڕۆڵێكی ئەرێنی لەم بوارەدا بگێڕێت. جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بە هۆی ئەو پێگە و ڕێزەی كە هەیەتی، دەتوانێت براكان كۆبكاتەوە و ئاشتیان بكاتەوە.